ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگری سیاسیهەواڵ · ڕاپۆرت · وتار

چەک دەبێت بۆ میللەت بێت نەک بۆ میلیشیاکان. ڕێکخراوی ڕێگای ئازادی ناڕەزایەتییەکی ئاشتیانە لە دەرەوەی کونسوڵخانەی عێراق ئەنجامدا

لە 1ی حوزەیرانی 2026، ڕێکخراوی ڕێگای ئازادی، لەگەڵ ئەندامان و داکۆکیکارانی ئازادی و چالاکوانان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی ئاشتیانەیان لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق لە لەندەن ئەنجامدا. ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێکی ڕوون و گرنگ سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیریی نیشتمانی، لەژێر دروشمی: هاوکارییە چەکییەکان بۆ نیشتمانە نەک بۆ میلیشیاکان بەڕێوەچوو. داوای ڕوونی و لێپرسینەوە لە هاوکارییەکان دەکرێت.

تەوەری سەرەکی خۆپیشاندانەکە دەربڕینی نیگەرانی قووڵ بوو لە نەبوونی ڕوونی لە هاوکارییە سەربازییە دەرەکییەکان و ئەگەری بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆیی. بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت ناو و دۆزی کورد بکرێتە سووتەمەنی بۆ ڕکابەرییە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها نابێت چەک و داهات بۆ لێدانی خەڵک خۆی بەکاربهێنرێت.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، وتاردەران ئاماژەیان بە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا کرد لە دوای سەرهەڵدانی ململانێی ئەمریکا – ئیسرائیل – ئێران. لەو چوارچێوەیەدا سەرنجی بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا (بەتایبەت لە ٥ی نیسانی ٢٠٢٦) ڕاکێشرا، کە تیایدا بۆ یەکەمجار ئاماژەی بەوەدا کە ئەو چەکانەی بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران نێردراوە نەگەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و لەلایەن کوردەکانەوە لابراون.
لە بەرامبەردا ڕێکخراوی ڕێگای ئازادی و هاووڵاتیانی پێوەندیدار هەڵوێستی فەرمی خۆیان بە ڕوونی ڕاگەیاند:
• ڕێکخراوەکە دژی وەرگرتنی پشتیوانی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو بە توندی دژی دابەشکردنی بێ حساب و ناڕوونی چەکەکانە.
• هەر پاڵپشتییەک بەناوی کوردەوە بکرێت مافی هەموو گەلە- نەک موڵکی تایبەتی حزب و میلیشیاکان.
• دابەشکردنی چەک لە دەرەوەی دەوڵەتی یاسا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و پرۆسەی دیموکراسی، و مەترسی دووبارەبوونەوەی مێژووی تاڵی ململانێی مەدەنی هەیە.
لە چوارچێوەی ئەم کارە مەدەنییەدا، ڕێکخراوی ڕێگای ئازادی کۆمەڵێک داواکاری بنەڕەتی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ناوخۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد:
1- ڕوونیى تەواو: داواى ڕەسمى بۆ ئاشکراکردنى گشتى - بۆ ڕاى گشتى کورد و جیهان- لە چارەنووس و شوێن و مەبەستى ئەو چەکانە.
2- چاکسازیی دامەزراوەیی: جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی هەر هاوکارییەکی سەربازی دەبێت تەنها خزمەت بە سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی لەژێر سەروەری یاسادا بکات، نەک پاراستنی بەرژەوەندی حزبی و میلیشیا.
3- مەرجداربوونی هاوکاری: بانگەوازێک بۆ بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو زلهێزەکان کە هاوکاری سەربازی بکەنە مەرجی چاکسازی ڕاستەقینە و یەکخستنی هێزەکان.

بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم دەنگ و نیگەرانیانە بگاتە ناوەندەکانی بڕیاردان، ڕێکخراوی ڕێگای ئازادی ڕایگەیاند کە یاداشتێکی فەرمی دەگەیەنێتە کونسوڵخانەکانی عێراق لە لەندەن و مانجستەر، پەرلەمانی بەریتانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکان. ڕێکخراوەکە جەختی لە ئیرادەی خۆی کردووەتەوە کە بێدەنگ نەبن تا ئەو کاتەی چەکەکان دەبنە بەرگریکاری نیشتمان نەک ئامرازێک لە دەستی میلیشیاکاندا.
لە کۆتاییدا ڕێکخراوی ئازادی ڕێگای سوپاس و پێزانینی بێسنووری خۆی ئاراستەی هەموو ئامادەبووان و چالاکوانانی بەشداربوو لەم گردبوونەوەیەدا کرد، هەروەها پابەندبوونی خۆی بە بەرگریکردن لە کەرامەتی گەل و دادپەروەری و پاراستنی ژێرخانی نیشتمان و داهاتووی سیاسی دووپاتکردەوە.

بابەتی دواتر بابەتی پێشتر