ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگری سیاسیهەواڵ · ڕاپۆرت · وتار

بەشداری ڕێکخراوی ڕێگای ئازادی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوە کوردییەکان لە بەریتانیا

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراوەکەمان بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نوێنەرانی ڕێکخراوی ڕێگای ئازادی بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا کرد کە لەلایەن ناوەندی برایەتی کورد لە شاری بێرمینگهام لە ژێر ناوی “لە ڕێکخستنی هەوڵەکانەوە بۆ گەیشتن بە گۆڕانکاری” ڕێکخرابوو.

ڕێکخراوەکەمان بە نوێنەرایەتی:

شاڵاو ڕەفیق: ئەندامی دامەزرێنەر و ڕێکخەری ئایتی لە ڕێکخراوی ڕێگای ئازادی 

گەرمیان عەبدوڵڵا میرزا: ئەندامی دامەزرێنەر و ڕێکخەری توێژینەوە و نووسین لە ڕێکخراوی ڕێگای ئازادی.

لە میانی دیدارەکەدا شارەزایان و کەسایەتییە دیارەکان باسیان لە چەند تەوەرێکی گرنگ کرد، لەوانە: ستراتیژییەکانی گۆڕینی کۆمەڵگەی کورد بۆ هێزێکی لۆبیکاری کاریگەر؛ ڕەهەندەکانی کوالیتی لەناو ڕێکخراوە خۆبەخشەکاندا (لەوانەش سەرکردایەتی، پلاندانانی ستراتیژی، و هەڵسەنگاندنی ئەدای کارکردن)؛ و ڕێبازە پراکتیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕەهەندانە لە کاری ڕێکخراوەییدا بۆ بەدەستهێنانی باشترین دەرئەنجامەکانی مومکین.

لە درێژەی گفتوگۆکاندا، نوێنەرانمان لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕان و ڕێکخراوە بەشداربووەکان، چەند خاڵێکی ستراتیژییان وەک بناغەیەک بۆ پەرەپێدانی کاری ڕێکخراوەیی خستەڕوو، لەوانە:

یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی: جەختکردنەوە لەسەر پێویستی دەنگێکی یەکگرتووی کورد لە بەریتانیا بە مەبەستی دروستکردنی فشاری ڕاستەقینە و کاریگەری لەسەر بڕیاردان و ناوەندەکانی ئیداری.

بەهێزکردنی هۆشیاری مەدەنی و یاسایی: پەرەپێدانی بەرنامەی پەروەردەیی بۆ ئاشناکردنی تاکی کورد بە مافە یاسایی و بەرپرسیارێتییە مەدەنییەکانی، بە ئامانجی پاراستنی مافەکانیان و پێشخستنی تێکەڵبوونی تەندروست لەگەڵ کۆمەڵگەی بەریتانیا.

دامەزراندنی تۆڕێکی هەماهەنگی ستراتیژی: پێشنیاری دروستکردنی "تۆڕێکی هاوبەش" لە نێوان ڕێکخراوە کوردییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و کاراکردنی هاوکاری خێرا لە کاتی قەیرانەکاندا.

پێشخستنی سەرکردایەتی گەنجان و ژنان: جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ نەوەی نوێ و بۆ ژنان لە پۆستی بڕیاردان بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی.

کۆبونەوەکە بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بەم جۆرە گردبوونەوانە بەمەبەستی داڕشتنی نەخشەڕێگای پراکتیکی بۆ داهاتوو کۆتایی هات.

ڕێکخراوی ڕێگای ئازادی

15 / 02 / 2026

بابەتی دواتر بابەتی پێشتر